گۆران خودامورادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا
ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "گۆران خودامورادی" پاش بانگکران بۆ لقی ٤ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سنە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کرا.
پێشتر ئەم هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.
ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣، گۆران خودامورادی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەردا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، هەندێ کەلوپەلی کەسیی گۆران لەوانە مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
گۆران خودامورادی خەڵکی گوندی "شیان" و دانیشتووی شاری سنەیە.