لە سزاکانی بڕینی پلەبەندی تا دوورخستنەوە و دەرکردن دژی مامۆستایانی کوردستان + ٤٧ ناو
١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ بەپێی ئەوبەڵگانەی کە بە کوردپا گەیشتوون، لە شارەکانی سنە، سەقز، مەریوان، دیواندەرە، زێویە و دێولان لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنەوە دژی ٤٧ چالاکی سێنفیی مامۆستایان، سزای جۆراوجۆر لە بڕینی پلەبەندی هەتا دوورخستنەوە و دەرکردن دەرچووە. ئەم سزایانە پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی قوتابخانەکان و مامۆستایانی سێنفیی کوردستان ڕووی داوە.
سزا دەرکراوەکان لەلایەن پەروەردە و بارهێنانەوە دژی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان بەم شێوەیە: (لە پێوەندی لەگەڵ هەندێ لە چالاکاندا چەند حاڵەت ڕاستە)؛
١٣ کەس لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان ژن و ٣٤ کەس پیاو بوون
٢٧ حاڵەت سزای بڕینی پلەبەندییان پێ دراوە
١٠ حاڵەت دەرکران لە لێژنەی سەرپێچییەکانیان پێ دراوە
٦ حاڵەت دوورخرانەوە لە خزمەت و خزمەتگوازریی دەوڵەتییان پێ دراوە
٤ حاڵەت خانەنشینکراو بوون
٤ حاڵەت بە نووسراوە سەرکۆنە کراون
٤ حاڵەت مووچەیان لێ کەم کراوەتەوە
٢ حاڵەت دوور خراونەتەوە
یەک حاڵەت دامەزران و بەڕێوەبەرایەتی لە پۆستە هەستیارەکانیان لێ قەدەغە کراوە
و یەک حاڵەت لە مافی پلەبەندی بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لە پێوەندی لەگەڵ سزاکان، لەلایەن هەندێ لە چالاکانی سێنفیی مامۆستایانەوە، سکاڵانامەیەک بۆ وەزیری پەروەردە و بارهێنان نێردراوە.
نامەی سەرئاوەڵای مامۆستایانی کوردستان و ئاماژە بە سەدان سزای دەرکراو دژی مامۆستایان؛
ئەم شوناس و ناوانە تەنیا بەشێکی بچووک لە سەرکوتی مامۆستایان لە کوردستانە؛ لە نوێترین نامەی سەرئاوەڵای مامۆستایانی کوردستاندا، ئاماژە بە ٧٠٠ حاڵەتی کەمکردنەوەی مووچە، ٤٧ حاڵەتی بێبەریکردن لە مافی پلەبەندی، دۆسییەسازی بۆ هەزاران مامۆستا، دەرکردنی دەیان مامۆستا و دەرکردنی سزای دوورخستنەوە لە کار، دوورخرانەوە، خانەنشینکرانی زۆرەملێ و ... بۆ سەدان مامۆستا کراوە.
لەم نامە سەئاوەڵایەدا کە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، لە ڕۆژی ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ ڕوو لە بەرپرسان و ڕای گشتی بڵاو کرایەوە؛ وێڕای ئاماژە بە دۆخی نالەباری دادپەروەریی پەروەردەیی، قۆتابخانەکان، قوتابییان و مامۆستایان؛ ئاماژە بە جۆرە جیاوازەکانی سەرکوت دژی چالاکانی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان لە حاڵەتی بێژوماری دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ڕوویان داوە کراوە کە بەم شێوەیە؛
سەرەتای ساڵی ١٤٠١؛ بە تاوانناسینی مافخوازی و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و دۆسییەسازی و دەسبەسەرکران و لە ئاکامدا لێدانیان بە باتوم
پاییزی ١٤٠١؛ کەمکردەوەی مووچەی زیاتر لە ٧٠٠ مامۆستا کە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە چوونەژوورەوەی هێزە نیزامییەکان بۆ قوتابخانەکان مانیان گرتبوو
پێکهێنانی کۆمیتەی نگریسی دۆخی بەپەلەی پەروەردە و بارهێنان و بێبەریکردن لە مافی پلەبەندیی ٤٧ مامۆستای کورد
زستانی ١٤٠١ بە نووسینی نامەیەکی پێکەنیناوی، نایاسایی و بێبنەما، ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستانیان بە نایاسایی ڕاگەیاند
١٤٠٢ و ١٤٠٣؛ بە پادگانکردنی قوتابخانەکان و ئیدارەکانی کوردستان و دۆسییەسازی بۆ هەزاران مامۆستا، دەرکردنی دەیان مامۆستا و دەرکردنی سزای دوورخرانەوە لە کار، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و ... بۆ سەدان مامۆستا.
چاوخشاندنێک بە سەر ئاماری سەرکوتی مامۆستایان لە کوردستان پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەپێی ئامار و بەڵگەکانی کوردپا؛
ئەم بەشە دەپەرژێتە سەر دەیان حاڵەت لە حاڵەتەکانی کوژران، دەسبەسەرکران، سزادران بە بەندکران، دەرکران، کەمکردنەوەی پلەبەندی و مووچە، خانەنشینکرانی زۆرەملێ و دوورخستنەوە لە کار و کردنەوەی دەیان دۆسییە دژی مامۆستایانی کوردستان هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی؛
دەسبەسەرکران؛ بەپێی بەڵگەکانی کوردپا بە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی زیاتر لە ٥٠ مامۆستای کورد دەسبەسەر کراون کە ٣٣ حاڵەت تایبەت بە پارێزگای سنەیە، جێگایەک کە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان زیاترین چاکییان هەبوو و زیاتر سەرکوت دەکران. لەم نێوانەدا ٦ کەس لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراو ژن بوون.
مامۆستایانی کوژراو لە بزووتنەوەی ژینا؛ یەک حاڵەت(عرفان کاکایی)
سزادرانی ٤ مامۆستا بە بەندکران و سزای تەواوکەر
کەمکردنەوەی پلەبەندی لە ماۆستایان؛ ٣٧ حاڵەت کە لەم نێوانەدا ٧ کەسیان ژن بوون
کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایانی سەقز_ زێویە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان؛ ١٤٠ حاڵەت کە لەم نێوانەدا ٩ کەسیان ژن بوون.
دۆسییەسازی لە دادگاکاندا بۆ مامۆستایان؛ ١٤ حاڵەت
دەرکرانی مامۆستایان لە پەروەردە و بارهێنان؛ ٣ حاڵەت کە ٢ کەسیان ژن بوون.
خانەنشینکرانی زۆرەملێی مامۆستایان؛ ٤ حاڵەت کە هەر چواریان ژن بوون.
هەڵوەشانەوەی کار و دوورخستنەوە لە کار؛ ١١ حاڵەت کە لەم نێوانەدا ٦ کەسیان ژن بوون.
سەرکوتی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان؛
سەرکوتی مامۆستایان لە کوردستان هۆکار و لایەنی جیاوازی هەیە. لە لایەکەوە وەرگیرانی کەسەکان بۆ بەدەستەوەگرتنی کاری مامۆستایەتی بە فاکتەری ئەمنییەتی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و لە کاتێکدا کە کەسەکە پێشینەی چالاکیی مەدەنی و سیاسیی هەبێ پێش بە وەرگرتنی بۆ کاری مامۆستایەتی دەگیردێت یان بۆ نموونە پێش بە پێدانی ئەم کارە بەو کەسانە دەدرێت کە لە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان لە دەرەوەی وڵات، خەریکی چالاکیی سیاسی بێت. لە هۆکارەکانی دیکەی سەرکوتی مامۆستایان، خۆجێیبونییانە کە حکوومەت لەوە وەکوو ئیـمتیازێک بۆ کورد ناو دەبات، بەڵام سیاسەتی دەزگای سەرکوتەکەی وا دەکات کە لە دژیان سەرکوتی کۆنتڕۆڵکراو و ئەمنییەتی_ دادوەری بنوێنێ، بەم هۆیەوە بەشی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا بە چاوەدێریکردنی قوتابخانەکان و مامۆستایان بە توندی لە بواری ئەمنییەتییەوە کونتڕۆلیان دەکات.
لە لایەکی دیکەوە چالاکانی سێنفیی مامۆستایان لە کوردستان، لەو گرووپانە بوون کە بە دەسپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەگەڵ سەرکوتی توند بەرەوڕوو بوونەوە، چونکە پشتیوانییان لە مافخوازیی خەڵک کرد و پەیوەستی بوون یان سەرکوتی کۆمەڵگە و قوتابخانەکانیان مەحکووم کردبوو. بە گشتی چالاکانی سێنفیی مامۆستایان بەتایبەت لە شارەکانی پارێزگای سنە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەباتی مەدەنیی بەربڵاویان هەبووە و لە قۆناغی جیاوازدا جیا لە داواکاریی سێنفیی خۆیان، لەسەر دادپەروەریی پەروەردەیی لە کوردستاندا جەختیان کردووەتەوە و لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاریی کارایان هەبووە.
ئامادەکردن؛ ئەوین مستەفازادە