پیرانشار؛ کوژرانی کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لەلایەن باوکییەوە

ڕۆژی شەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی "کانی عەبدوڵڵاهی" بە لێدانی چەقۆ بە دەستی باوکی لە گوندی "ماشکان" سەر بە شاری پیرانشار کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ئەم کچە تەمەن ١٧ ساڵەیە بە لێدانی چەقۆ لەلایەن باوکییەوە بەسەختی بریندار بووە و پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی پیرانشار بە هۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: باوکی کانی بە هۆی پێوەندیی هاوڕێیەتیی کانی لەگەڵ کوڕێک" کوشتوویەتی.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: باوکی کانی عەبدوڵڵاهی دەسبەسەر کراوە و تەرمی کانی ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە.
بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان، پرسێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و تێکئاڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە. چونکە لەلایەکەوە لە پەراوێزخستن و لە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی دەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی لە تاکەکان سەندووە و لەلایەکی دیکەوە حکوومەت وێڕای هەبوونی یاسا دژەژنەکان و پڕ لە هەڵاواردنەکان لە چوارچێوەی ڕوانینی ئەمنیەتی بە کوردستاندا هەوڵ دەدات کە خەساری کۆمەڵایەتی وەک شتێکی زاتی و دەروونی نیشان بدات و بڵێت کێشە لە فەرهەنگی کوردەکانە لەکاتێکدا کە فەرهەنگ پرسێکە کە گۆڕانی بەسەردا دێت و لە وڵاتانی ئاساییدا بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەپێدانی دیاری دەکرێ.
ئەم خوێندنەوەیە نە بە مانای نکۆڵیکردن لە نەریتە هەڵەکان لە کۆمەڵگەی کوردستانە کە لە ساڵانی دواییدا ژنانی چالاک و چالاکانی بەرابەری زایەندی/ڕەگەزی بە دەستی بەتاڵ زیاترین ڕۆڵیان لە خەبات دژی ژنکوژی و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە و لە ڕاستای هەستیارکردنی کۆمەڵگە و ڕەتکردنەوەی نەریتە هەڵە و پیاوسالارەکان هەوڵیان داوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە لەم رێگایەدا دەسبەسەر کراون و هەموو ئەنجومەنە پێوەندیدارەکان بە ژنانیش هەڵوەشاونەتەوە یا چیدیکە مۆڵەتەکانیان درێژ ناکەنەوە.
چالاکان، میدیاکان و ناوەندە مافی مرۆییەکانیش نە تەنیا هەواڵی ژنکوژی و خۆکوژییەکانیان نەشاردووەتەوە و نکۆڵیان لێ نەکردوون، بەڵکوو بەمەبەستی وشیارکردنەوەی بەشێک لە کۆمەڵگە و هەستیارکردنی بیروڕای گشتی، هەوڵیان داوە قامک بخەنە سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و ئەمە بکەنە پرسێکی گشتی.
پرسی گرینگی دیکە ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، کەسانێکی پاسیڤ نین، بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی دواییدا بینەری خۆکوژیی ژنانێک بووین کە لە ئاکامی ناڕەزایەتی بە نەریتەکان و هەڵاواردنەکان گیانی خۆیان لەدەست داوە.
پێویستە بگوترێ کە ئەم نووسینە بۆ باسکردن لە تێکهاڵاوبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستانە و تێکئاڵانیان لەگەڵ پێکهاتەکانە، چونکە خوێندنەوەی یەک لایەنە بۆ ئەم پرسە بە تەواوەتی هەڵەیە.