دەسبەسەرکرانی ناسر ئەحمەدزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەهاباد

20:57 - 7 رێبەندان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ناسر ئەحمەدزادە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاتژمێر ٢ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە لە گەڕەکی "کانی سۆفی ڕەشید"ی مەهاباد و دەسبەسەریان کرد.

ناسر ئەحمەدزادە تەمەنی ٣٣ ساڵە، خێزاندارە و منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ناسر ئەحمەدززادە زانیاریەک دەست نەکەوتووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرابوو.