دێولان؛ سوهەیلا مەتاعی، چالاکی مەدەنی پاش دەسبەسەرکران و کرانەوەی دۆسییە لە دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا
٤ی ڕیبەندانی ١٤٠٣؛ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتی لە کوردستان لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای لەسێدارەدان، سوهەیلا مەتاعی چالاکی مەدەنیی خەڵکی دێولان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش ئەوەی کە دۆسییەی بۆ کرایەوە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سوهەیلا مەتاعی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازدیدا دەسبەسەر کرابوو، لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا هاوکات لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە، دوابەدوای چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و هەمان ڕۆژ لە دادگادا دۆسییەی بۆ کرایەوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
سوهەیلا مەتاعی، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دوو جار دەسبەسەر کرا و بە بەندکران سزا درا.
ناوبراو یەکەم جار لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. دواتر لە ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا سەرلەنوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرا.
لە کۆتاییدا لە ڕۆژی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠١دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی دێولانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "چالاکی تەبلیغی دژی نیزام" بە ١٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست" بە ١٣ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "نافەرمانی دژی مەئموورەکان" بە ٥ مانگ بەندکرانی داسەپاو، و "پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام"، بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو، مەحکووم کرا.
بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، حوکمی ١٨ مانگ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە ئەبوایە جێبەجێ بکرێت.
سوهەیلا مەتاعی لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس، دادگایی کرابوو.