زۆربوونەوەی دەسبەسەرکرانەکان لە سنە؛ جەلیل محەممەدی، چالاکی کرێکاری بە شێوەی توندوتیژانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا؛ ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، جەلیل محەممەدی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە شێوەی توندوتیژانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
جەلیل محەممەدی کە پێشتریش چەندین جار دەسبەسەر و بانگ کراوە؛ لەو هاووڵاتییانەیە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان لە سنە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە دەسبەسەر کراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی کاسبکار و بازاڕییان لە شارەکانی کوردستان دژی سزای سێدارە، لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی محەممەد سەیف پەناهی" تەمەن ٤٨ ساڵ، "سینا ڕەزایی" تەمەن ٢٥ ساڵ، "ئەمجەد گوریاخێز"، "نەعیم دووستی"، "محەممەد ئەتڵەسی" و "ئومید محەممەدی" لە بازاڕییانی سنە بە هۆی پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێرش ناوگرانزادە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە کە ئەندامی کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" بووە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.
لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣شدا، ئایدا عەموویی، چالاکی مەدەنی و بواری ژنانی خەڵكی سنە و ئەسعەد غەفووری لە بەرپرسانی کەمپەینی "پێشگرتن لە لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی" هەر لەم پێوەندییەدا دەسبەسەر کران.