مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی دوو برا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:45 - 13 بەفرانبار 2724

لە ماوەی ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە ٩ و ١٠ی ١٤٠٣دا، دوو برا بە ناوەکانی "خالید بەکری" تەمەن ٤٦ ساڵ و "محەممەد بەکری" تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەەکی ئاگادار، شەوی دووشەممە ١٠ی بەفرانبار، محەممەد بەکری بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بازاڕی مەهاباد و ڕۆژی یەکشەممە ٩ی بەفرانباریش خالید بەکری لە ڕێگای سەردەشت – مەهاباد بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم دوو برایە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراون.

ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکانیان بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی خالید و محەممەد بەکری زانیارییەک دەست نەکەوتووە.