سەقز؛ دەسبەسەرکرانی ئەمجەد ساڵحزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمجەد ساڵحزادە" تەمەن ٣٨ ساڵ کوڕی ئەحمەد و خەڵکی سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگویزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم هاووڵاتییە خاکەلێوەی ساڵی ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە سێ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و بە پشتبەستن بە یاسای کەمکردنەوەی سزای داسەپاو، سزای ناوبراو بۆ پێبژاردنی سەد و ٦٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی گۆڕدرا.
سزای ئەم هاووڵاتییە کوردە بەپێی برگەی ٤٤٢ بۆ پیبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی کەم کرایەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای ئەمجەد ساڵحزادە
بۆ پێبژاردنی سەد و ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە لقی ٢ی جیبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ئەم شارە جێبەجێ کرا.
ئەمجەد ساڵحزادە لە ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١دا بانگی ئیتلاعاتی سەقز کرا و پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.
کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سەقز بەرێوە چوو و ناوبراو بە "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.