سنە؛ دەسبەسەرکرانی شەش کەس لە کاسبکار و بازاڕییان لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای سێدارە
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی کاسبکار و بازاڕییان لە شارەکانی کوردستان لە دژایەتی لەگەڵ سزای سێدارە، "محەممەد سەیف پەناهی" تەمەن ٤٨ ساڵ، "سینا ڕەزایی" تەمەن ٢٥ ساڵ، "ئەمجەد گوریاخێز"، "نەعیم دووستی"، "محەممەد ئەتڵەسی" و "ئومید محەممەدی" لە بازاڕییانی سنە بە هۆی پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، دەسبەسەرکرانی ئەم شەش هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی توندوتیژانە بووە.
"ئەمجەد گوریاخێز" و "نەعیم دووستی" لە چالاکانی کرێکاریی سنە و ئەندامی کەمپەینی دژایەتی لەگەڵ سێدارەدان، هەروەها "محەممەد سەیف پەناهی" و "سینا ڕەزایی" لە سەندیکای کەوشفرۆشانی سنە بوون.
ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو کە شێوازی جیاوازی سەرکوت لەوانە بانگکردن، دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر بازاڕییانی بەدواوە بووە.