سنە؛ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی بێنیامین ڕەحیمپوور و ڕاگواستنی بۆ گرتنگەی شارامفەری سنە

22:47 - 2 رێبەندان 2724

ئەمڕۆ سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، "بێنیامین ڕەحیمپوور" هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" و دانیشتووی سنە، بە شێوەی توندوتیژانە بە هێرشی زیاتر لە ١٠ کەس هێزی ئەمنییەتی بۆ سەر دووکانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادری کوردپا؛ زیاتر لە دە کەس هێزی ئەمنییەتی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر دووکانەکەی "بێنیامین ڕيحیمپوور" لە سنە و ویرای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی و بێڕێزی بەم هاووڵاتییە کوردە، کامێرای دووکانەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ هێزە ئەمنییەتییەکان لە درێژەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بێنیامین ڕەحیمپوور و بە ترساندن و کێشانی چەک لە منداڵەکان و ئەندامانی بنەماڵەکەی، زۆربەی کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە لەپتاب و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی بێنیامین ڕەحیمپوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پێشتر و لە ڕۆژی ١٤ی بانەمەڕی ١٣٩٩دا، کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە و براکەی "تارق ڕەحیمپوور"ی بڵاو کردەوە. لە کۆتاییدا ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ "تارق ڕەحیمپوور" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە چوار ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سەبارەت بە سکاڵای سپای پاسداران لە پێوەندی لەگەڵ "سەرپێچیکردن و بێڕێزیکردن بە حکوومەت و هێزەکانی" بە یەک ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا.

بێنیامین ڕەحیمپوور، کوڕی مووسا، خەڵکی گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە شاری سنە و دانیشتووی ئەم شارەیە. ناوبراو خێزاندارە و منداڵی هەیە.