سەلاسی باوەجانی؛ دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی حامید ڕەزایی دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک سەبارەت بە دادوەرە کوژراوەکان و بەجێهێشتنی لە نەخۆشخانە بە ئەشکەنجەکراوی

19:38 - 30 بەفرانبار 2724

٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٣؛ "حامید ڕەزایی" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی "بانی ساکان" سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ستۆرییەک سەبارەت بە دادوەرە کوژراوەکانی دیوانی باڵای وڵات، لە لاپەڕەی ئینستاگرامێکدا کە خۆی ئەدمینی بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر دەکرێ و پاش ئەشکەنجەدران لە گرتنگەی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا، هێزە ئەمنییەتییەکان لە نەخۆشخانەدا بەجێیان هێشتووە و لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە نەخۆشخانەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ حامید ڕەزایی کە لەگەڵ بنەماڵەی لە ڕێگەی سەفەر بۆ جوانڕۆ بووە لە نێوەی ڕێگادا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە توندوتیژیی زۆرەوە لە بەرچاوی دایک و خوشکییەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی حیفازەتی ئیتلاعاتی سپا ڕاگوێزرابوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە لەم گرتنگەیەدا دیسانەوە لێی دەدرێت و توانایی قسەکردنی نامێنێ، هێزە ئەمنییەتییەکان دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی و لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی دەڵێ کە لەم نەخۆشخانەیە.

لە کۆتاییدا بنەماڵەکەی لەکاتێکدا کە لای کوڕەکەیان نەبووە، لە نەخۆشخانەی سەلاسی باوەجانی دەیدۆزنەوە. بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، سەرەڕای ئەوەی کە حامید ڕەزایی تووشی شکان نەبووە، بەڵام لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و بە هۆی ئەشکەنجەوە ناتوانێ قسە بکات. ئەم لاوە تەمەن ٢٥ ساڵە لە نیوەشەوی ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣دا لەلایەن بنەمااڵەکەیەوە بۆ ماڵی خۆیان ڕاگوێزراوە.

شایانی باسە، دەسبەسەرکرانی حامید ڕەزایی بە بێ بەڵگەی یاسایی بووە و مۆبایلەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و ئێستا ڕادەستیان نەکردووەتەوە. هەروەها داوایان لێ کردووە کە پاش چاکبوونەوە سەردانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بکات. حامید ڕەزایی پێشتر چەند جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە براکانی حامید ڕەزایی پاش بیستنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی براکەی، دەسبەجێ بەدوایدا دەچێت بەڵام لە نیوەی ڕێگادا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت و بە سەختی بریندار دەبێ و ئێستا لە نەخۆشخانەدایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەلاسی باوەجانی شارێکی بچووک و سنوورییە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەڵگەی یاساییان پێ نییە و تەنانەت ڕێژەی بارمتەکەش خودی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دیاریی دەکەن و پێویستی بە دادگا نییە. دەسبەسەرکراوان لەم شارەدا تەنیا بە مەبەستی دەرچوونی سزا دەبێ سەردانی لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کرماشان بکەن. "یەزادن مێهر" دادوەری ئەم دادگایەیە کە پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی هاتووەتە ئەم شارە و دەوترێت کە یاریدەدەری دادوەر "سەڵواتی" بووە و ئێستا دۆسییەکانی تایبەت بە دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانی پێ دەدرێن.

یەکێک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو سەبارەت بە ئەزموونی ئەشکەنجە لە پارێزگای کرماشان بە کوردپای وت؛ لێپرسەکان لە ئەشکەنجەکردندا زۆر شارەزان و تەنانەت ئاسەواری ئەشکەنجە پاش چەند ڕۆژ لەسەر جەستە نابینرێ، بەڵام ئاسەواری زۆری هەیە بە جۆرێک کە من مانگێک پاش دەسبەسەرکران نەمدەتوانی ڕێگا بکەم و تەنانەت جگە شۆرباو ناتوانم شتێکی دیکە بخۆم، چونکە توانایی جوین و تەنانەت قسەکردنم نەبوو. هەروەها تووشی سەرئێشەی توند و ئیلتهاب ببووم.