مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی کاوان کەسرایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:45 - 29 بەفرانبار 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "کاوان کەسرایی" خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شاری مەریوان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کاوان کەسرایی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

کاوان کەسرایی کوڕی ئەبووبەکر، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.