ژیان میری بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا
رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٣، چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی "ژیان (موکرات) میری"، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٣، چالاکێکی ژینگەپارێز بە ناوی "ژیان میری" خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"، سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا .
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە کوردەیان لە گەڕەکی "مەسناو"ی سنە دەسبەسەر کردبوو.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ئەم چالاکە ژینگەپارێزە بە هۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار بانگ و دەسبەسەر کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ژیان میری زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.