عەبدوڵڵا قولیزادە و هێمن قولیزادە بە دانانی بارمتە ئازاد کران
عەبدوڵڵا قولیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی هێمن قولیزادە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەر کامیان بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
ڕۆژی شەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەبدوڵڵا قولیزادە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، خۆی و کوڕەکەیان بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کردووە. هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێ کەلوپەلی کەسیی بنەماڵەی قولیزادەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ئەم دوو هاووڵاتییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزراون.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.