فەرشید عەبدوڵڵاهی باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەدا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕوونکردنەوەی پێ درا

21:45 - 18 بەفرانبار 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی بەفرانباری ١٤٠٣، فەرشید عەبدوڵڵاهی باوکی هوومەن عەبدوڵڵاهی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەدا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕوونکردنەوەی پێ درا و بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیروڕای گشتی" تۆمەتبار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرشید عەبدوڵڵاهی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٣دا بانگهێشتنامەیەکی لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنەوە پێ گەیشتبوو کە نموونەی تۆمەتە وەپاڵدراوەکەی ئاماژە بە بەشداریی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی وەبیرهێنانەوەی دایە فەراسەت جەعفەر قشڵاخی، لە دایکانی مافخوازی سنە بووە.

ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، هوومەن عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٢١ ساڵ لە ناڕەزایەتییەکانی گەڕەکی "حەسەناوا"ی سنەدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بە سەختی بریندار کرا و پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گیانی لەدەست دا.