نەغەدە؛ سەلام ئازەری بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا
سەلام (شاهین) ئازەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی نەغەدە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە یەک ساڵ و شەش مانگ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەپێی سزای دیاریکراو، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە شەش مانگ بەندکران سزا دراوە.
ئەم سزایە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، سەلام ئازەری بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کرد.
هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی سەلام ئازەری، هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەشی کرد.
ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.