ورمێ؛ کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا
کەیوان ڕەشۆزادە، بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرابوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی یەکی بەفرانباری ١٤٠٣دا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و پاش دەسبەسەرکردنی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپایان ڕاگواستووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە پێوەندییەکی کورتی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپاوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: کەیوان ڕەشۆزادە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا بە توندی ئەشکەنجە دراوە.
ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، کەیوان ڕەشۆزادە بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کرا.
ئازادیی مەرجداری کەیوان ڕەشۆزادە لە کاتێکدا بووە کە ناوبراو لە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی دۆخی خۆی لە بەندیخانەی ورمێ و دژایەتی لەگەڵ داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی مورەخەسی و ئازادیی مەرجدار مانی لە خواردن گرتبوو.
کەیوان ڕەشۆزادە لە جۆزەردانی ١٤٠١دا ، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دژایەتیکردنی بەرپرسانی زیندانی ورمێ بۆ هاتنە مەرەخەسییەکەی، بە دوورینەوەی لێوەکانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.
کەیوان ڕەشۆزادە سەرماوەزی ١٣٩٩ش بە نیشانەی نارەزایەتیدەربڕین بە ناڕوونیی چارەنووسی، گوشارەکانی نووسینگەی ئیتلاعات و لەبەرچاونەگرتنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانەکان لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بۆ ماوەی یەک حەفتە مانی لە خواردن گرتبوو.
کەیوان ڕەشۆزادە لە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە پاش یەک ساڵ ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانەی ورمێ، سەرماوەزی ١٣٩٩ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا درا. دواتر سزای ئەم بەندکراوە سیاسییە بەپێی ماددەی ٤٤٢ بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو کەم کرایەوە.