سینا محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیی "ژیار" بە بەندکران و سزای تەواوکەر سزا درا

12:10 - 3 بەفرانبار 2724

سینا محەممەدی، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتیی "ژیار" و خەڵکی شاری "بڵواناوا"ی دێولان لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە بە یەک مانگ بەندکرانی داسەپاو و سزای تەواوکەر سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی هاووڵاتییانی بڵاواناوا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی خراپی ڕێگاکان و تێکدانی ڕێگاکانی هاتوچۆ بە ماشینی کانزاکان" بە یەک مانگ بەندکرانی داسەپاو و ٢٤٠ کاتژمێر کارکردنی خۆڕایی لە ئیدارەی ڕێگاوبان و گواستنەوەی جاددە لە ڕێگای دێولان بۆ بڵاواناوا، سزا دراوە.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولان بەڕێوە چوو و ئەم سزایە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٧ ساڵەیە و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد.

ئەم چالاکە کوردە پاش ٨ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی قوروە ئازاد کرا.