مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ١١ هاووڵاتیی کورد لە یەک ڕۆژدا
لە ماوەی یەک ڕۆژدا لە شاری مەهاباد، ١١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان (شوانە) جەهانی فەر"، "ئەیووب ڕەسووڵی، "سیامەند سەیدئەحمەدی"، "قادر خەرامان فەر"، "کەماڵ مەسعوودی"، "جەلال سەدەفی"، "یووسف قال"، "ئارام مەبزوولە"، "ڕەحمان دانا" و "زانیار سەیدئەحمەدی" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان، تاکوو ئێستا سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣، سەرجەم ١١ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان (شوانە) جەهانی فەر"، "ئەیووب ڕەسووڵی، "سیامەند سەیدئەحمەدی"، "قادر خەرامان فەر"، "کەماڵ مەسعوودی"، "جەلال سەدەفی"، "یووسف قال"، "ئارام مەبزوولە"، "ڕەحمان دانا" و "زانیار سەیدئەحمەدی" خەڵکی مەهاباد، بە بێ بەڵگەی یاسایی و دوای هێرشکردنە سەر ماڵەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کوردپا؛ ئەم کەسانە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراون. هەر لەم پێوەندییەدا "سیامەند سەیدئەحمەدی" خەڵکی گوندی "بەیرەم" سەر بە شاری مەهاباد پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.