پیرانشار؛ ڕەحمان قادری بە ٨ مانگ بەندکران سزا درا
ڕەحمان قادری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژی ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ لە لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بەڕێوە چوو و ئەم سزایە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی سەرماوەز بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.
ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ڕەحمان قادری بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ڕەحمان قادری پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی پیرانشار دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.
ئەم هاووڵاتییە پێشتر چەندین جار بانگی ناوەندە ئەمنییەتیەکان کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.
ڕەحمان قادری، تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی عەلی، خەڵکی گوندی "ئەندێزێ" سەر بە شاری پیرانشارە.