بەندیخانەی نەغەدە؛ سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ کە بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا دراون لە مافی مورەخەسی بێبەری کراون

18:52 - 15 سەرماوەز 2724

١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣؛ دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "سەلام سوڵتانی" و "ئەمیر فەقێ"، کە لەم دواییانەدا بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا دران و بەرەوڕووی کردنەوەی دۆسییە لە دادگای ئینقلابدا بوونەتەوە، بە بێ مافی مورەخەسی لە بەندیخانەی نەغەدەن و پێشتریش هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئەمنییەتیی ورمێ، لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە کە سەرەتاکانی خەرمانانی ١٤٠٣ لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو" هەر کامیان بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درابوون، ئێستا لە بەندیخانەی نەغەدە لە مافی مورەخەسی بێبەری کراون و دەوترێ لە دادگای ئینقلابی مەهاباددا، دۆسییەی دادوەرییان بۆ کراوەتەوە.

سەرچاوەی کوردپا دەڵێ؛ دادگاییکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە بە شێوەی ئانلاین و کورت ماوە بووە و زانیارییەک ورد سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بە هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانییەکان تۆمەتبار کراون.

 سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سەلام سوڵتانی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٣ش، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەمیر فەقێ و دەسبەسەریان کرد.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و بە بڕیاری دادگا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری کراون.

"سەلام سوڵتانی" و "ئەمیر فەقێ"، خەڵكی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشارن. ئەم دوو هاووڵاتییە خێزاندارن، منداڵیان هەیە و سەرپەرستی بنەماڵەن.