سنە؛ سەحەر بوجار دوابەدوای هەوڵی هاوسەرەکەی بۆ کوشتنی لەژێر چاوەدێری چڕدایە
ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ژنێکی تەمەن ٣٤ ساڵ بە ناوی "سەحەر بوجار" خەڵکی سنە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە هۆی داواکاری بۆ جیابوونەوە، بە چەقۆ کرایە ئامانج و بە هۆی قورسیی برینەکانیەوە لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم ژنە مانگێک پێش ئێستا داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کردووە و لە ماڵی دایکی ژیاوە، بەڵام چەند جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بۆ هۆی ئەم داواکارییەوە هەڕەشەی مردنی لێ کراوە و لە کۆتاییدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣، لە بەرچاوی دایک و منداڵەکانیەوە بە چەقۆ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەکرێتە ئامانج و زگ و قەفەزەی سینگی بە سەختی بریندار دەکرێ.
دۆخی ئەم ژنە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و لە ڕۆژی شەممەوە بە هۆی پچڕانی سی و ڕیخۆڵە دوو جار نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنەدا لەژێر چاوەدێریدایە.
هەروەها بنەماڵەی بوجار لە ناوەندە پێوەندیدارەکاندا دژی داریووش ڕاشدنەسەب، سکاڵایان تۆمار کردووە.
سەحەر بوجار، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی سنەیە. ناوبراو چەند ساڵ پێش هاوسەرگیریی لەگەڵ "داریووش ڕاشدنەسەب" کردووە کە ٢٨ ساڵ جیاوازیی تەمەنیان هەیە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەژاری لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاوسەرگیریی سەحەر بووە. داریووش ڕاشدنەسەب پێشتر چەند جاری دیکە هاوسەرگیریی کردووە و چەندین جار توندوتیژیی فیزیکیی بەرانبەر بە سەحەر ئەنجام داوە. ڕاشدنەسەب پێشتر بێژەری کاناڵی تلویزیۆنیی پارێزگای سنە بووە و دوو منداڵی هەیە.
بەپێی ئاماری بڵاوکراوی کوردپا کە بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبرەوە بڵاو کرایەوە، لە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ هەتا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ بەگشتی ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستانی ئێراندا ڕوویان داوە.
١١ حاڵەت بە دەستی هاوسەر، ٣ حاڵەت بەدەستی باوک، یەک حاڵەت بە دەستی هاوسەری پێشوو، یەک حاڵەت بە دەستی برا و یەک حاڵەت بەدەستی کوڕ ڕووی داوە. هەروەها لە درێژەی قەتڵە خێزانییەکاندا منداڵێکی ساوا و کچێکی ١٢ ساڵان کوژراون. کێشە خێزانییەکان هۆکاری زۆربەی کوشتنەکانن.
بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان، پرسێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و تێکئاڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە. چونکە لەلایەکەوە لە پەراوێزخستن و لە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی دەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی لە تاکەکان سەندووە.
لەلایەکی دیکەوە حکوومەت وێڕای هەبوونی یاسا دژەژنەکان و پڕ لە هەڵاواردنەکان لە چوارچێوەی ڕوانینی ئەمنیەتی بە کوردستاندا هەوڵ دەدات کە خەساری کۆمەڵایەتی وەک شتێکی زاتی و دەروونی نیشان بدات و بڵێت کێشە لە فەرهەنگی کوردەکانە لەکاتێکدا کە فەرهەنگ پرسێکە کە گۆڕانی بەسەردا دێت و لە وڵاتانی ئاساییدا بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەپێدانی دیاری دەکرێ.
ئەم خوێندنەوەیە نە بە مانای نکۆڵیکردن لە نەریتە هەڵەکان لە کۆمەڵگەی کوردستانە کە لە ساڵانی دواییدا ژنانی چالاک و چالاکانی بەرابەری زایەندی/ڕەگەزی بە دەستی بەتاڵ زیاترین ڕۆڵیان لە خەبات دژی ژنکوژی و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە و لە ڕاستای هەستیارکردنی کۆمەڵگە و ڕەتکردنەوەی نەریتە هەڵە و پیاوسالارەکان هەوڵیان داوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە لەم رێگایەدا دەسبەسەر کراون و هەموو ئەنجومەنە پێوەندیدارەکان بە ژنانیش هەڵوەشاونەتەوە یا چیدیکە مۆڵەتەکانیان درێژ ناکەنەوە.
چالاکان، میدیاکان و ناوەندە مافی مرۆییەکانیش نە تەنیا هەواڵی ژنکوژی و خۆکوژییەکانیان نەشاردووەتەوە و نکۆڵیان لێ نەکردوون، بەڵکوو بەمەبەستی وشیارکردنەوەی بەشێک لە کۆمەڵگە و هەستیارکردنی بیروڕای گشتی، هەوڵیان داوە قامک بخەنە سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و ئەمە بکەنە پرسێکی گشتی.
پرسی گرینگی دیکە ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، کەسانێکی پاسیڤ نین، بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی دواییدا بینەری خۆکوژیی ژنانێک بووین کە لە ئاکامی ناڕەزایەتی بە نەریتەکان و هەڵاواردنەکان گیانی خۆیان لەدەست داوە.
ئەم نووسینە بۆ ئاماژەکردن بە ئاڵۆزیی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و تێکئاڵاوبوونی لەگەڵ پێکهاتەکانە، چونکە خوێندنەوەی یەک لایەنە بە تەواوەتی نادروستە.
ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە