٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەیان حاڵەتی توندوتیژیی حکوومەت، خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان
ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ڕاپۆرتێکی شیکاری_ئاماریدا، ئاماری توندوتیژی و سەرکوت دژی ژنان لە کوردستانی ئێرانی لە ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٣ هەتا ٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ خستووەتە ڕوو.
ئەم ڕاپۆرتە لە سێ بواری؛
سەرکوتی حکوومەتی و دەسبەسەرکرانەکان
سیاسەتە داسەپاوەکانی حیجابی زۆرەملێ
حاڵەتەکانی ژنکوژی و خۆکوژیی ژنان
باس لە دەیان حاڵەتی پێشێلکاریی مافی ژنان لەوانە، دەسبەسەرکران، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و بەندیخانە، ژنانی بەندکراوی سیاسی، دیاریکردنی سنوورەکان و سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ و هەروەها ئاماری ژنکوژی و خۆکوژیی ژنان لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەکات.
ئەم ڕاپۆرتە بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەلایەن "کوردپا"وە بڵاو دەکرێتەوە. بە سەرنجدان بە نەبوونی هیچ ئامارێکی ورد لە دۆخی لە ئێران و بەتایبەت کەشی ئەمنییەتی لە کوردستانی ئێران ئەم ئامارە زۆر زیاتر لەمەیە و ئەم ڕاپۆرتە تەنیا ئاماژە بە کۆمەڵێک لە پێشێلکارییەکانی مافی ژنانی کورد دەکات کە لەلایەن کوردپاوە پشتڕاست کراونەتەوە.
دەیان حاڵەت لە دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان و چاوخشاندنێک بە دۆخی ژنانی سیاسیی کورد و توندوتیژیی حکوومەتی
دەسبەسەرکران: ١٥ حاڵەت
لەم ماوەیەدا ١٥ ژن لە کوردستاندا بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون. سومەیە قادری خوشکی بەندکراوی سیاسی، سووسەن حەسەنزادە چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی، هەتاو ئەکرەمی مافخوازی گیانلەدەستداو مێهران ئەکرەمی، پەخشان نەبیزادە، فەریدە وەیسی چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەوان، سۆلماز حەسەنزادە خوشکی گیانلەدەستداو محەممەد حەسەنزادە، زەهرا ساجدی نیا، مەنیژە خۆشنوود، مریەم ڕۆستەمی، گەلاوێژ محەممەدی ئەرشەد، دایە مینا سوڵتانی دایکی گیانلەدەستداو شەهریار محەممەدی، سروە شیری، فەریبا مورادیان هاوسەری چالاکی سیاسی، سەیران خوسرەوی چالاکی مەدەنی، ئێلهام قادری و خەدیجە مێهدی پوور بەندکراوی سیاسیی پێشوو، ناوی ئەم ژنانەیە.
هەموو ئەم ژنانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون.
لەم نێوانەدا سەیران خوسرەوی و ئێلهام قادری هێشتا دەسبەسەرن و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.
زۆر جار دەسبەسەرکراوان پاش دەسبەسەکران بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپا یان ئیتلاعات ڕادەگوێزرێن و بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێپرسینەوەیان لێ دەکرێ. ئەم دەسبەسەرکردنانە زۆر جار یەک تا چەند مانگ درێژە دەکێشێ و دواتر ئەم کەسانە هەتا بەڕێوەچوونی دادگا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد دەکرێن. دەسبەسەرکران بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەگەڵ ئازادیی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و هەروەها دادڕەسیی نادادپەروەرانە و بێبەریبوون لە مافی دەسبەسەرکراو، ئەم جۆرە دەسبەسەرکرانانە دەخاتە ڕیزی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکانەوە کە لەواندا مافی کەسەکان بەشێوەی سیستماتیک پێشێل دەکرێن.
سزادران بە لەسێدارەدران و بەندیخانە: ١٢ حاڵەت
لەم ماوە زەمەنییەدا دوو سزای لەسێدارەدان و بەگشتی ٧ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران بۆ ١٢ ژنی کورد لەلایەن دادگانی سزا و ئینقلابەوە دەر کراوە. هەموو ئەم کەسانە پێشتر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بەرەوڕووی دۆسییەسازیی ئەمنییەتی کراونەتەوە.
یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٢؛ بەیان فەرجوڵڵاهی، خەڵکی سنە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی نیزام بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.
سەرەتاکانی ساڵی ١٤٠٣؛ سورەیا قەیتەران خەڵکی پیرانشار، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "دووستی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٩ مانگ بەندکران سزا درا. ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی خۆی لە بەندیخانەی ورمێدایە.
٢٩ی خاکەلێوە ١٤٠٣؛ سۆما پوورمحەممەدی، خەڵکی سنە و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین سەرەتا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە" بە ١٠ ساڵ بەندکران سزا درا و لە دادگای پێداچوونەوەدا لەم تۆمەتە بێبەری کرا.
٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣؛ ژینا مودەڕس گورجی چالاکانی بواری ژنان و ڕۆژنامەوان سەرەتا لەلایەن لقی یەکی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەرەمی" بە تۆمەتی "دروستکردنی گرووپ و دەستە، سیخوڕی و پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٢١ مانگ بەدنکران سزا درا و لە دادگای پێداچوونەوەدا لە تۆمەتی سیخوڕی بێتاوان ناسرا و سزاکەی بۆ ٢٨ مانگ کەم کرایەوە کە ١٦ مانگی جێبەجێ دەکرێ. ناوبراو ئێستا بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی سنەدایە.
٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەوان، چالاکی بواری ژنان و دەرچووی یاریدەدەریی کۆمەڵایەتی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا. ناوبراو لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی بەندیخانە" و "سەرپێچیکردن لە پۆلیس" بە ٦ مانگ بەندکران سزا درا. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ئێڤین بەند کراوە.
٦ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ پرشنگ عەزیزی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری بە ٦ مانگ بەندکران سزا درا.
٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ زەهرا ساجدی نیا، خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا دراوە.
١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣؛ سووسەن حەسەنزداە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٣ مانگ بەندکران سزا درا.
٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٣، مەنیژە خۆشنوود، خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکران سزا درا.
٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی گیانلەدەستداو محەممەد حەسەنزادە و خەڵکی بۆکان، لەلایەن دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران سزا درا.
٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا. ناوبراو ڕۆژی ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ لە دۆسییەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتیی بەندیخانە" و "سەرپیچی لە پۆلیس" بە ٦ مانگ بەندکران سزا درا.
٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣؛ سروە شیری، خەڵکی بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکران سزا درا.
جێبەجێکرانی سزای قامچیی ڕۆیا حێشمەتی بە هۆی ڕەچاونەکردنی "حیجابی زۆرەملێ"؛
١٦ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ سزای لێدانی ٧٤ قامچیی ڕۆیا حێشمەتی، چالاکی مەدەنی و هاووڵاتیی خەڵكی سنەی دانیشتووی تاران، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای ناوچەی ٧ی تاران، جێبەجێ کرا. ڕۆیا حێشمەتی بە هۆی بڵاوکردنەوەی وێنەیەک بە بێ حیجابی زۆرەملێ لە بلواری کشاوەرزی تاران لە بانەمەڕی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بە بێ حجابی شەرعی، خەسارگەیاندن بە عیفەتی گشتی، بەرهەمهێنانی بەرهەمی خراپ و هاندانی خەڵک بۆ گەندەڵی" لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران و لقی ١٠٩١ی کۆمەڵگەی دادوەریی ئێرشادەوە سەرجەم بە ١٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران سزا درا کە ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا هەڵوەشایەوە و بە سزای نەختی و لێدانی قامچی گۆڕدرا.
جێبەجێکرانی سزای بەندکرانی ژنانی بەندکراوی سیاسیی سزادراو؛ ٢ حاڵەت
١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ سورەیا قەیتەران، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کانی مەلا" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٩ مانگ بەندکران بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا. ناوبراو بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی" بە ٩ مانگ بەندکران سزا درابوو.
١٢ی خەزەڵوەری ١٤٣؛ ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکی بواری ژنانی دەسبەسەرکراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا.
ڕێژەی بەندکراوانی سیاسیی ژنی بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران؛ ١٢ حاڵەت
بەندکراوانی سیاسیی کە خەریکی تێپەراندنی ماوەی سزاکەیانن؛ ١٠ کەس
پەخشان عەزیزی؛ خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی تاران، سزادراو بە لەسێدارەدان و ٦ مانگ بەندکران، بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین
وریشە مورادی؛ خەڵکی سنە، سزادراو بە لەسێدارەدان و ٦ مانگ بەندکران، بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین
زەینەب جەلالیان؛ خەڵکی ماکۆ، سزادراو بە بەندکرانی هەتاهەتایی و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین
سەکینە پەروانە؛ خەڵکی قووچان، سزادراو بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ
سوعدا خەدیرزادە؛ خەڵکی پیرانشار، سزادراو بە ٦ ساڵ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ
سۆلینا، کچی سۆعدا کە لە بەدنیخانە لە دایک بووە و لەگەڵ دایکی لە بەندیخانەی ورمێ بەند کراوە. ناوبراو زیاتر لە دوو ساڵ تەمەنیەتی و تاکوو ئێستا ناسنامەی نییە.
ژیلا هۆژەبری؛ خەڵکی مەریوان، سزادراو بە ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی سنە.
ژینا مودەڕس گورجی؛ خەڵکی سنە، سزادراو بە ١٦ مانگ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی سنە
هاجەر سەعیدی؛ خەڵکی مەریوان، سزادراو بە یەک ساڵ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی سنە
سورەیا قەیتەران؛ خەڵکی پیرانشار، سزادراو بە ٩ مانگ بەندکران و بەندکراو لە بەندیخانەی ورمێ
دەسبەسەرکراوانێک کە پاش دەسبەسەرکران هێشتا لە بەندیخانەدان؛ ٢ کەس
سەیران خوسرەوی، دەسبەسەر و لەژێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا
ئێلهام قادری، دەسبەسەر و لەژێر لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا
حاڵەتەکانی دیکەی سەرکوت، گوشار و هەڕەشەی چالاکی؛
برینداربوون بە هۆی تەقینەوەی مین؛ یەک حاڵەت
٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣؛ هاووڵاتییەک بە ناوی "ئەختەر خانم مورادی" خەڵکی شاری گیەڵان بە هۆی دەسکاری و تەقینەوەی مینە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق بە سەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەست دا.
پێشگرتن لە چوونی بنەماڵەی ژینا ئەمینی بۆ فەرانسە؛
١٨ی سەرماوەزی ١٤٠٢، پێشگرتنی هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەفەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی (باوک، دایک و برا) بۆ فەرانسە کە بڕیار بوو بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆف لە پارلەمانی ئورووپا بچنە فەرانسە.
دەرکردنی مامۆستایان لە کار؛
٦ی خەزەڵوەر؛ سومەیە ئەختەرشوومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە پێشینەی ١٧ ساڵ لە بەشی ناوەندیی شاری مەریوان لەلایەن لێژنەی سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنەوە لە ئیدارەی پەروەردە دەر کرا. ئیدارەی پەروەردەی مەریوان لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماریان بە "بڵاوکردنەوەی بابەت لە چوارچێوەی بێڕێزی و بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست دژی کۆماری ئیسلامی، ئەندامەتیی چالاکانە لە کاناڵە نایاساییە سێنفییەکانی مامۆستایان لە سۆشیاڵ میدیا و نووسینی بابەتی هاندەر لە کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و فەرهەنگییانی ئێران، داڕشتنی پرسیاری تاقیکاریی زمانی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان (ناوهێنان لە ناڕازییان لە پرسیارەکاندا) و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکان و پشتیوانی لە دروشمی جییایخوازانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ حیجاب لە سۆشیاڵ میدیا و پشتیوانی لە دروشمی جیاییخوازانە لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی قوتابییان بە بێ حیجاب و نووسینی دروشم لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکانی خۆی بە جلوبەرگی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لاپەڕەی خۆیدا و بە دروشمی ئەم حیزبانە و ئاڵای کوردستان و نوسینی بابەت لە کاناڵی سەندیکا سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران، تۆمەتبار کردووە.
٢ـ سیاسەتی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ؛
١٣ی بەفرانباری ١٤٠٢؛ سنە؛ کافە ڕستوورانی ئایرا لانژ بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ داخرا.
٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە مەرجی بەشدارینەکردنی ژنان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز، مۆڵەتی بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمەی دا.
١٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ مۆزەخانەی گوند و نشینگەی "شانشین"ی مەریوان بە هۆی "ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ و ژەندنی مۆسیقا لەلایەن کچانەوە" داخرا.
٢٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ جێگری فێرکاریی یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندییەکانی قەزای یەکی سنە، پێش دەسپێکی پۆلەکان، بە شێوەی زارەکی هۆشداری بە قوتابییان و مامۆستایان دابوو کە لە ئەگەری ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێدا، بنەماڵەی قوتابییەکان دەبێ سزای نەختی بدرێن.
٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣: کتێبفرۆشیی "ژیرا" لە سنە بە بەڕێوەبەریی ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی بواری ژنان بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ئەماکنەوە داخرا.
٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ ژمارەیەک لە یەکە سێنفییەکانی کۆمەڵگەی بازرگانیی "بانتا"ی سنە بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ئەماکنەوە داخران.
١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣؛ لە بەرەبەری خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا لە ئێران، حکوومەت بە جێبەجێکردنی "گەڵاڵەی نوور" لە شاری مەهاباد، بە بەرەوڕووبوونەوەی "بەدحیجابی" و بەتاوان ناسینی ئەم پرسە دەستی بە هۆشداریدان و بانگکردنی خاوەنی ماشینەکان بە هۆی "بێ حیجابی " کرد.
٣ـ خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان؛
بۆ ئەم پرسە سەرەتا پێویستە باس لە ئاڵۆزیی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستاندا و تێکئاڵاوبوونی پێکهاتەکان بکرێ، چونکە خوێندنەوەی یەک لایەنە بە تەواوەتی نادروستە.
خۆکوژی و ژنکوژی لە کوردستان، پرسێکی کۆمەڵایەتی-سیاسی و تێکئاڵاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی-ئابووری-سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەیە. چونکە لەلایەکەوە لە پەراوێزخستن و لە دواکەوتوویی هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بەگشتی دەرفەتی گەشە و پەرەسەندنی لە تاکەکان سەندووە و لەلایەکی دیکەوە حکوومەت وێڕای هەبوونی یاسا دژەژنەکان و پڕ لە هەڵاواردنەکان لە چوارچێوەی ڕوانینی ئەمنیەتی بە کوردستاندا هەوڵ دەدات کە خەساری کۆمەڵایەتی وەک شتێکی زاتی و دەروونی نیشان بدات و بڵێت کێشە لە فەرهەنگی کوردەکانە لەکاتێکدا کە فەرهەنگ پرسێکە کە گۆڕانی بەسەردا دێت و لە وڵاتانی ئاساییدا بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەپێدانی دیاری دەکرێ.
ئەم خوێندنەوەیە نە بە مانای نکۆڵیکردن لە نەریتە هەڵەکان لە کۆمەڵگەی کوردستانە کە لە ساڵانی دواییدا ژنانی چالاک و چالاکانی بەرابەری زایەندی/ڕەگەزی بە دەستی بەتاڵ زیاترین ڕۆڵیان لە خەبات دژی ژنکوژی و خۆکوژی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەبووە و لە ڕاستای هەستیارکردنی کۆمەڵگە و ڕەتکردنەوەی نەریتە هەڵە و پیاوسالارەکان هەوڵیان داوە؛ سەرەڕای ئەوەی کە لەم رێگایەدا دەسبەسەر کراون و هەموو ئەنجومەنە پێوەندیدارەکان بە ژنانیش هەڵوەشاونەتەوە یا چیدیکە مۆڵەتەکانیان درێژ ناکەنەوە.
چالاکان، میدیاکان و ناوەندە مافی مرۆییەکانیش نە تەنیا هەواڵی ژنکوژی و خۆکوژییەکانیان نەشاردووەتەوە و نکۆڵیان لێ نەکردوون، بەڵکوو بەمەبەستی وشیارکردنەوەی بەشێک لە کۆمەڵگە و هەستیارکردنی بیروڕای گشتی، هەوڵیان داوە قامک بخەنە سەر خەسارە کۆمەڵایەتییەکان و ئەمە بکەنە پرسێکی گشتی.
پرسی گرینگی دیکە ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، کەسانێکی پاسیڤ نین، بەڵکوو ئێمە لە ساڵانی دواییدا بینەری خۆکوژیی ژنانێک بووین کە لە ئاکامی ناڕەزایەتی بە نەریتەکان و هەڵاواردنەکان گیانی خۆیان لەدەست داوە.
ژنکوژی لە کوردستان؛ ١٨ حاڵەت
لەم ماوە زەمەنییەدا، بەگشتی ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستاندا ڕوویان داوە.
١١ حاڵەت بە دەستی هاوسەر، ٣ حاڵەت بەدەستی باوک، یەک حاڵەت بە دەستی هاوسەری پێشوو، یەک حاڵەت بە دەستی برا و یەک حاڵەت بەدەستی کوڕ ڕووی داوە. هەروەها لە درێژەی قەتڵە خێزانییەکاندا منداڵێکی ساوا و کچێکی ١٢ ساڵان کوژراون.
کێشە خێزانییەکان هۆکاری زۆربەی کوشتنەکانن.
ئامارێکی ورد و ڕوون لە ژنکوژی لە ئێراندا لەلایەن حکوومەتەوە بڵاو ناکرێتەوە. کاتێک لەگەڵ نەبوونی ئامارێکی ورد و ڕوون لەم بوارەدا بەرەوڕووین، ئەمە نیشان دەدات کە نە لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجام دراوە تاکوو گۆشەنیگایەکی دروست لەوەی کە لە پێوەندی لەگەڵ توندترین جۆری توندوتیژی ڕوو دەدات بەدەست بێت و نە پلانێکی کارا و گەورە بۆ خەبات لەدژی هەیە. ئەوەی کە سەبارەت بە ئاماری ژنکوژی لەبەر دەستە، نیشاندەری ساڵانە ٣٥٠ هەتا ٤٠٠ حاڵەتی قەتڵی نامووسی لە ئێرانە. بەم پێیە بە هیچ شێوەیەک دروست نییە کە بڵێین ژنکوژی و قەتڵی نامووس لە کوێ زیاترە و لە کوێی ئێران کەمترە، و تەنیا دەتوانین بڵێین کە ساڵانە هەندێ میدیاکان، چالاکانی مەدەنی و ژنان بەدواداچوون بۆ ژمارەیەک لە کوشتنی ژنان و قەتڵە ناموسییەکان دەکەن، ئەویش کاتێک کە رێگایەک بۆ بەدواداچوون هەبێت.
لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە ئێتنیکییەکاندا کە دەوترێ کوشتنی ژنان زیاتر، دەبێ بگۆڕی زیاتر و سیستماتیکتر لەم پێوەندییەدا لەبەرچاو بگیردرێت وەکوو دواکەوتوویی ئابووری کە پێوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ توندوتیژی و بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی لە هەموو بواردەکاندا هەیە. بەم هۆیەوە ئەگەر هەموو هۆکارەکان کە دەبنە هۆی توندوتیژی خوێندنەوە و لێکدانەوەیان بۆ نەکرێ، کارکردن لەسەر پرسی توندوتیژی دژی ژنان لە بنەڕەتدا هەڵەیە.
خۆکوژیی ژنان؛ ٧٠ حاڵەت
۲۱ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.
١٤ کەسیان قوتابی بوون.
خۆکوژی لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە لە سەرووی ئەم ئامارەدایە.
کێشە خێزانی- کۆمەڵایەتییەکانیش لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژین.
بەپێی ئەم ئامارە خۆکوژی لە نێوان سەڵتەکان زیاتر لە خێزاندارەکانە.
ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام بە ڕیز زیاترین ڕێژەی خۆکوژییان هەیە. بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، خۆکوژییەکان لە کرماشان و ئیلام لە لووتکەدان و ئەمە نیشانەی بەمیدیایینەکرانی هەواڵی خۆکوژییەکانە.
بەپێی ئاماری فەرمیی بڵاوکراو لە ساڵی ١٤٠٢دا، ڕێژەی خۆکوژی لە ئێراندا لە یەک دەیەی ڕابردوودا، زیاتر لە ٤٠ لەسەد گەشەی کردووە و لە ٣٥٠٠ حاڵەت لە ساڵدا، بۆ زیاتر لە ٥ هەزار حاڵەت بەرز بووەتەوە.
بە وتەی زۆربەی کارناسان پرسی "خۆکوژی" لە ئێراندا قەت وەکوو خۆکوژیی تاکەکەسی نییە، چونکە هۆکارەکانی پێوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دۆخی ئەم کەسانەوە هەیە، کەسانێک کە هەژاری داسەپاو، دۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری، بێهیوایی، یاسای دژەژن و دژەمرۆیی، زۆربوونەوەی قەیرانەکانە یەک لە دوای یەکەکان و نەبوونی هیوا بۆ گۆڕان، ئەوانی گەیاندووەتە کۆتایی و خۆکوژییە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی بەداوە بووە.
ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە