محەممەدڕەزا قەیتەرانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی مەهاباد ڕاگوێزرا

22:07 - 22 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش بانگکران بۆ لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی مەهاباد، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

ئەم لاوە کوردە لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "دووستی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە شەش مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا دراوە و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٣ی رەزبەری ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ڕۆژی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا بە بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کراوە.

ئەم هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.

محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣، محەممەڕەزا قەیتەرانی خەڵکی گوندی "گردیاقووب" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

پێشتر لە ڕۆژی یەکی ڕەزەری ١٤٠١دا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی کوڕی جەلال لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە مەیدانی "ئیستقلال"ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەکانی مەهاباد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا. لە کۆتاییدا پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.