وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە لەسێدارەدران سزا درا

14:29 - 21 خەزەڵوەر 2724

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبولقاسم سەڵواتی" بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا.

سزای لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ بە پارێزەرەکانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یەکەمین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی وریشە مورادی لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران و دووهەمین کۆبوونەوەی دادگاییکرانەکەی لە ڕۆژی ١٤ی ڕەزبەر لە هەمان لق بەڕێوە چوو.

ڕەزبەری ١٤٠٣، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، دوو بەنکراوی سیاسیی کورد لەگەڵ سێ بەندکراوی سیاسیی دیکە سەر بە ئێتنیکەکانی تر، بە ناوەکانی مەحبووبە ڕەزایی، نەرگس محەممەدی و پەریوەش مۆسلێمی کە لە بەندیخانەی ئێڤینن، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا کە لەم دواییانەدا لە دژیان کراوەتەوە، سەرجەم بە ٢٧ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا دران.

بەپێی سزایەک کە لەلایەن دادگای کەیفەری ٢ی کۆمەڵەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی "ئەبولفەزل عامری" دەر کراوە و ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بەم بەندکراوانە لە بەندیخانەی ئێڤین ڕاگەیەندراوە، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، مەحبووبە ڕەزایی و نەرگس محەممەدی بە تۆمەتی "دەرگیری لەگەڵ مەئموورەکان و گوێنەدان بە فەرمانەکانیان" هەر کام بە ٦ مانگ بەندکران و پەریوەش مۆسلێمی بە ٣ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا دراون. لەم دۆسییەدا، پەریوەش مۆسلێمی لە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی بەندیخانە" و باقی تۆمەتباران لە تۆمەتی "تێکشکاندنی کەلوپەل" بێتاوان ناسراون.

کردنەوەی ئەم دۆسییە تایبەت بە ڕۆژی ١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣ە. لەم ڕۆژەدا، بەندکراوانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین پاش ئاگاداربوونەوە لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی یارسان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەم بەندیخانەیەدا ناڕەزایەتییان دەربڕی کە گاردی بەندیخانە بەرەوڕوویان بوونەوە و دۆسییەسازییان بۆ کرا.

وریشە مورادی (جوانا سنە) ژنە چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە نزیک شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

 وریشە مورادی پاش دەسبەسەرکران، ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە کرابوو و پاش دوو حەفتە لێپرسینەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٢، ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کرابوو.