سەقز؛ عوسمان ئیسماعیلی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی نێردرایە مورەخەسی

17:25 - 4 خەزەڵوەر 2724

ڕۆژی هەینی ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد لە بەندیخانەی سەقزەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نێردرایە مورەخەسی.

ئەم چالاکە کرێکارییە بە ڕەزامەندیی دادستانی سەقز و دادوەری چاوەدێر بە مەبەستی چوونە لای پزیشک لە نەخۆشخانەی ڕەجایی و فیرووزگەری تاران، بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ نێردراوەتە مورەخەسی.

سەرەتاکانی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئانتیە گرۆتێر، نوێنەری پارلەمانی بێرمەن لە فراکسیۆنی SPD و کەفیکی سیاسیی عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک خوازیاری ئازادیی ناوبراو و هەموو بەندکراوانی سیاسیی ئێران بوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ نێردراوەتە مورەخەسیی دەرمانی.
 
 ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە، پاش قەبووڵکردنی لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سەقز، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسییە پزیشکییەکەی بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مورەخەسیی پێ درا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاری کە لە مورەخەسیی دەرمانیدایە، پاش بانگکران بۆ لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سەقز دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بانگی لقی ٢ی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی سەقز کرا و پاش ئامادەبوون لەم لقە، دادوەر پێی ڕاگەیاند کە "پزیشکی دادوەریی سنە پشتڕاستی کردووەتەوە کە تۆ توانایی تێپەڕاندنی ماوەی بەندکرانەکەت هەیە و دەبێ بگەڕێیتەوە بۆ بەندیخانە." ئەم چالاکە کرێکارییە پاش ڕاگەیاندنی وڵامی پزیشکی دادوەریی سنە، دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣، عوسمان ئیسماعیلی چالاکی کرێکاری، لە بەندیخانەی سەقزەوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، نێردرایە مورەخەسی.

ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی چارەسەری پزیشکی لە بەندیخانەی سەقزەوە ڕەوانەی بەندیخانەی سنە کرا و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی لە دەسپێڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی بەفرانباری ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە هۆی نەخۆشیی فتق، لە بەندیخانەی ئەم شارەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا و پزیشکی دادوەریی سەقز جەختی کردەوە کە عوسمان ئیسماعیلی بە زووترین کات دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێ بەڵام  بەرپرسانی بەندیخانە تاکوو ئێستا هیچ کارێکیان بۆ بەدواداچوونی دۆخی ناوبراو نەکردووە.


ڕۆژی دووشەممە، ١١ی بەفرانباری ١٤٠٢، لقی ٢ی جێبەجێکاری سزاکانی سەقز بە بنەماڵەی عوسمان ئیسماعیلییان ڕاگەیاند کە ناوبراو بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین لە وەرگرتنی خۆیان بواردووە و دیسان ناردوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی سەقز.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی، ڕەوانەی بەندیخانەی ئەم شارە کرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە پاش پەسەندکرانی حوکمی بەندکرانەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ حوکمێکی سەبارەت بە جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەی پێ گەیشتبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی لەگەڵ پارێزەرەکەی بە ناوی فەرزاد نەسروڵڵاهی، سەبارەت بە حوکمی سەرەتایی دادگا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داواکاریی خۆیان بۆ پێداچوونەوە بەم حوکمە، بە دیوانی باڵای وڵات گەیاند.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران" بە ٣١ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی" بە ٧ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرابوو.

دادگا بە سەرنجدان بە لایەنەکانی کەمکردنەوەی سزا لە ماددەی ٣٨ یاسای سزای ئیسلامی، دەرکراوی ساڵی ،١٣٩٢ لەوانە تەمەنی عوسمان ئیسماعیلی و خێزانداربوونی ناوبراو، بە پشتبەستن بە ماددەی ناوبراو و ماددەی ٦ی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری دەرکراوی ساڵی ١٣٩٩، حوکمەکەی بە ١٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، کەم کردبووەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢، کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی عوسمان ئیسماعیلی بە سەرۆکایەتیی داداوەر "جەواد مستەفایی"، سەرۆکی لقی یەکی داداگای ئینقلابی سەقز و "کەیوان جەهانی"، ڕاوێژکاری دادگای ئینقلابی سەقز بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، عوسمان ئیسماعیلی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی سەقز ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ئەم چالاکە کرێکارییە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ زیندانی سەقز ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، عوسمان ئیسماعیلی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شەقامی "شوهەدا"ی سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.