عەبدوڵڵا شەریفزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە کرا

16:17 - 30 رەزبەر 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣، عەبدوڵڵا شەریفزادە، ئەندامی گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆ"ی سەقز، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی سەقز کرا.

ئەم ئەندامەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆی سەقز، بە بێ بەشداریی خۆی لە دادگادا، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "جەواد مستەفایی" بە ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو.

دادگا، ئەم چالاکەی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعات، بە "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە قازانجی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردبوو.

کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ بەڕێوە چوو و دواتر ئەم سزایە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

عەبدوڵڵا شەریفزادە، زستانی ساڵی ١٤٠٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ڕۆژێک دەسبەسەرکران، بە کەفالەت و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.