ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ڕەشید حیسامی»، مامۆستای خەڵکی قوروە، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شارۆچکەی بێعسەتی ئەم شارە، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازێکی توندوتیژانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. لەم هێرشەدا ماڵی ئەم مامۆستا کوردە پشکێنراوە.

شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەیییەکانی مامۆستایانی ئێران ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیشی ڕوون نەبووەتەوە.

ئەم شۆرایە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی جیددی، بەرپرسیارەتیی پاراستنی گیانی ڕەشید حیسامی دەخاتە ئەستۆی ئەو ناوەندەی کە دەسبەسەری کردووە و داوای ئازادکردنی خێرا و دابینکردنی مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر دەکات.