بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی عوسمان حەبیبوڵڵاهی

14:32 - 28 رەزبەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی عوسمان حەبیبوڵڵاهی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "میراوێ" سەر بە شاری شنۆ، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

 بە وتەی سەرچاوەیەکەی ئاگادار، عوسمان حەبیبوڵلاهی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: بەدەواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

عوسمان حەبیبوڵڵا تەمەنی ٣٣ ساڵە و ناوی باوکی ڕەحیمە.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی عوسمان حەبیبوڵڵاهی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.