سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردی بە سێ مانگ بەندکران سزا درا

17:17 - 20 رەزبەر 2724

سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سێ مانگ بەندکرانی سەپێندراو سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم چالاکە مەدەدنییەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کردووە و ئەم سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، سووسەن حەسەنزادە، چالاکی مەدەنی و وانەبێژی زمانی کوردیی خەڵکی بۆکان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

ئەم وانەبێژی زمانی کوردییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرابوو.

سووسەن حەسەنزادە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشینەی ١٧ ساڵ وانەوتنەوەی زمانی کوردیی لە شاری بۆکان و گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.