کرماشان؛ ئەمیرحوسێن حەقجوویان، لە چالاکانی کۆمەڵگەی یارسان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

11:56 - 15 رەزبەر 2724

ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەمیرحوسێن حەقجوویان، خاڵۆزا و لە هاوڕێیانی نزیکی ڕەزا ڕەسایی ناڕازیی لەسێدارەدراو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان ئازاد کرا.

بە وتەی سەچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکەی کۆمەڵگەی یارسان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەمیرحوسێن حەقجوویان لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی کرماشانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرا.

 سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر شوێنی کارەکەی ئەمیرحوسێن حەقجوویان لە کەمەربەندیی شاری سەحنە لە پارێزگای کرماشان و دەسبەسەریان کرد.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەمیرحوسێن حەقجوویان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەمیرحوسێن حەقجوویان کوڕی خەیروڵڵا حەقجوویان لە ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنیی یارسانە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ڕەزا ڕەسایی لە ناڕازییانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشان لە سێدارە درا. تەرمی ناوبراو لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە گۆڕستانی "میناباد"ی کرماشان کە زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شوێنی نیشتەجێبوونی دوورە، تەنیا بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و پێشگرتن لە ڕێوڕەسمی ئایینی یاری بەخاک سپێردرا و بتۆنی بەسەردا کرا.