تەیفوور سەلیمی بابامیری بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا

11:02 - 13 خەرمانان 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەرمانانی ١٤٠٣، تەیفوور سەلیمی بابامیری، هاووڵاتیی دانیشتووی بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش بەدواداچوونەکانی پارێزەری تەیفوور سەلیمی بابامیری، دادگا ئازادیی کاتیی ناوبراو بە دانانی بارمتەی قەبووڵ کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە نزیکەی چوار مانگ لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی بانە، سنە، بۆکان و ورمێ لێپرسینەوەی لێ کراوە و دوای کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بانە دەسبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی تەیفوور سەلیمی بابامیری زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.