سزای لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە

14:38 - 28 خەرمانان 2724

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای لەسێدارەدانی حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی تورکیە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

بانەمەڕی ١٤٠٣، ئەم بەندکراوە سیاسییە لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەف زادە" بە تۆمەتی "موحاربە" بە لەسێدارەدران سزا درا.

کۆبوونەوەی دادگای ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٣، لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێدا بەڕێوە چوو و ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣ ئەم سزایە بە شێوەی فەرمی لە بەندیخانەی ورمێ بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

ڕۆژی ٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ڕێبەندانی ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانی حاتەم ئوزدەمیر، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بە سەرۆکایەتیی "قاسم مەزینانی"، ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە، بۆ لقی هاوتەریب لە دادگای ئینقلابی ورمێ نێردرا.

حاتەم ئوزدەمیر، کوڕی عەبدولڕەحمان لە ڕۆژی ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران سزا درا و بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە پ. ک .ک" بە ٥ ساڵ بەندکرای داسەپاو سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بەم هاووڵاتییە کوردە لە بەندیخانەی ورمێ ڕاگەیەندرا.

دانیشتنی کۆتایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی حاتەم ئوزدەمیر، کۆتاییەکانی هاوینی ١٤٠٠ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی خۆی بەڕێوە چووبوو.

حاتەم ئوزدەمیر، نیوەشەوی ١١ی پوشپەڕی ١٣٩٨ پاش دەرگیریی چەکدارانەی نێوان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران دەسبەسەر کرابوو.

ناوبراو لەم دەرگیرییەدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی خومپارە بووراوەتەوە و پاش دەسبەسەرکران بۆ گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕاگوێزراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ١٣٩٨ پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.