دادگای پێداچوونەوە؛ ئومید قەدیمی بە ساڵێک بەدنکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی سزای نەختی سزا درا

19:31 - 27 خەرمانان 2724

ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بە یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی ٣ میلیۆن تمەن سزای نەختی سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣، بەم هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.

ئومید قەدیمی لەلایەن دادگای ئینقلابی دیواندەرەوە بە تۆمەتەکانی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٣٢ مانگ بەندکرانی داسەپاو، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپااو و "بڵاوکردنەوەی درۆ و تێکدانی بیری گشتی" بە پێبژاردنی ٨٥ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی لە حیسابی سندووقی دەوڵەت سزا درابوو.

بە پشتبەستن بە ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زۆرترین سزا بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێ و هەروەها دادگا بڕیاری هەڵپەساردنی دوو لەسەر سێی سزای دیاریکراوی بۆ ماوەی یەک ساڵ دەر کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی، بە شێوەی کاتی لە گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرەدا بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەر کراوە و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی شارامفەری سنە ڕاگوێزرا.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد.

 ناوبراو ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.