موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

12:34 - 18 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، موختار ئەسەدی، چالاکی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان بە دانانی بارمتە لە بەشی ئامۆژگاریکردنی ژمارە ٤ی بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەم چالاکە سێنفییەی مامۆستایان پاش بانگکران بۆ پۆلیسی فەتا لە سنە، دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە سێنفییە و ماڵەکەیان پشکنیوە.

ئەم چالاکە سێنفییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١یش بە بێ بەلگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندیخانەی سنە ڕاگوێزرا. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

موختار ئەسەدی پێشتر بە حوکمی دەزگای دادوەری و لێژنەی سەرپێچییەکان، ماوەی دوورخرانەوە و بەندکرانی تێپەڕاندووە و لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، مووچەکەی لێ بڕدرا و دواتریش بەشێوەی زۆرەملێ خانەنشین کرا.