سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی خەڵکی هەرسین لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا

20:04 - 18 گەلاوێژ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی "شەهاب مەلکی" خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم بەندکراوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحەسار ی کەرەج کرابوو.

ئەم بەندکراوە چەند ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە تاوانەکانی "ماددەی هۆشبەر" دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

سزای لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە بە شێوەی گرووپی و هاوکات لەگەڵ چەند بەندکراوی دیکە جێبەجێ کراوە.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە کوردە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکان یان میدیا نێوخۆییەکانی ئیرانەوە ڕانەگەیەندراوە.