کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان؛ لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی مەحکوومە و هێزەکانی حکوومەت ناوبراویان بە بێ بەڕێوەچوونی "ئایینی یاری" لە شوێنێکی دیکەدا بە خاک سپاردووە
کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی ڕەزا ڕەسایی ڕایگەیاندووە، تەرمی ناوبراو بە بێ ئیزنی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانێکدا بە دوور لە زێدی خۆی و بە بێ بەڕێوەچوونی "ئایینی یاری" بە خاک سپێردراوە.
ئەم کۆڕە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی خۆیدا، بەبۆنەی لەسێدارەدرانی ڕەزایی ڕەسایی، سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی دڵ بریندار و خەڵکی ستەملێکراو و بێپەنای یارسان و هەموو ئازادیخوازان کردووە و کردەوەی لەم چەشنەی دژی دادپەروەری و عەقڵانییەت ڕاگەیاندووە.
دەقی تەواوی بەیاننامەکەی کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان؛
غوڵامڕەزا ڕەسایی لاوی بێتاوانی یارسان لە سێدارە درا.
ئەوەڵ و ئاخر یار
بەداخەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، لە بەندیخانەی دێزڵاوای کرماشاندا، غوڵامڕەزا ڕەسایی لاوی یارسانی خەڵكی شاری سەحنە لە سێدارە درا و تەرمەکەی بە بێ ئیزنی بنەماڵەی لە گۆڕستانێکی کرماشاندا و بە دوور لە زێدی خۆی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بە خاک سپێردرا و تەنانەت ئیزن بە بنەماڵەکەی نەدرا کە ڕێوڕەسمەکە بەپێی "ئایینی یاری" بەڕێوە ببەن.
کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەسێدارەدانی نادادپەروەرانەی ڕەزای مەحکووم کردووە و سەرەخۆشیی لە بنەماڵەی دڵ بریندار و خەڵکی ستەملێکراو و بێپەنای یارسان و هەموو ئازادیخوازان کردووە و کردەوەی لەم چەشنەی دژی دادپەروەری و عەقڵانییەت ڕاگەیاندووە.
کۆڕی گشتیی چالاکانی مەدەنیی یارسان
١٦ی گەلاوێژی ١٤٠٣