بەندیخانەی ورمێ؛ ئازادیی سۆلماز حەسەنزادە پاش ٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسی بە دانانی بارمتە

01:58 - 24 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پاش تێپەراندنی ٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ و ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژەوە، سۆلماز حەسەنزادە، خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لە ناڕەزایەتیدەربڕین بە دۆخی ناڕوونی خۆی، بێبەریبوون لە مافی چاوپێکەوتن و لێپرسینەوەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ، مانی لە خواردن گرتبوو.

هاوکات ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣، ئەحمەد حەسەنزادە و دایە عەزیمە، باوک و دایکی سۆلماز، بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و هەڕەشەیان لێ کرا و پێیان ڕاگەیاندبوون کە "ئەمە لەگەڵ جارەکانی پێشوو جیاوازە و بە ئاسانی ڕزگارتان نابێ و واز بێنن."

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و خوشکی محەممەد، دایکی محەممەد و دوو ژنی دیکەیان دانە بەر لێدان و توندوتیژی کە بەم هۆیەوە دایکی محەممەد حەسەنزادە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بنەماڵەی حەسەنزادە بەبۆنەی لەدایکبوونی محەممەد لە هەوڵدا بوون، ڕێوڕەسمێکی بچووکی لەدایکبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، بەڵام لەگەڵ ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکران بەرەوڕوو بوونەوە.

سۆلماز حەسەنزادە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢شدا لەگەڵ ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیرین خەیات"، "سیمین خەیات" و "شەیدا ڕەزایی" بانگهێشتی میوانییەک لە شاری سەقز کرابوون کە لە خاڵی پشکنینی بۆکان_سەقز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا.

محەممەد حەسەنزادە، مانگێک پێش لە کوژرانی، بە هۆی بەرکەوتنی سێ فیشەکی ساچمەیی، چاوی چەپی خۆی لەدەست دابوو.  ناوبراو سێ جار لە تەورێز و تاران نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەم حاڵەشەوە بینایی چاوی لەدەست دا.