بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەدفەریق شەریعەت پەنا

22:22 - 22 گەلاوێژ 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ مانگ لە دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەدفەریق شەریعەت پەنا" خەڵکی بۆکان، سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و تەنیا چەند جار پێوەندیی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لە ٢٠ ڕۆژ پێشەوە، محەممەدفەریق شەریعەت پەنا، هیچ جۆرە پێوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەی ناوبراوی بەدواوە بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان لە ماوەی دەسبەسەرکرانی ناوبراودا هەڕەشەیان لە بنەماڵەکەی کردووە کە لە بەمیدیایی کردنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی کورەکەیان خۆ ببوێرن.

محەممەدفەریق شەریعەت پەنا، کوڕی مامۆستا نەجمەدین و خەڵکی گوندی "حاجی ئاباد" سەر بە بەشی تەتەهووی بۆکان لە ڕۆژی ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.