سورەیا قەیتەران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا

21:50 - 20 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سورەیا قەیتەران، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کانی مەلا" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پێشتر ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەجاد دووستی"  بە ٩ مانگ بەندکران سزا درابوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢، ئەم ژنە کوردە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.