بۆکان؛ ڕاگواستنی سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندیخانەی ورمێ و ئازادیی کاتیی ئەحمەد حەسەنزادە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی

00:53 - 11 گەلاوێژ 2724

دوابەدوای دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان؛ ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ورمێ ڕاگوێزرا و ئەحمەد حەسەنزادەش بە دانانی بارمتەی ٤ میلیاردی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەحمەد حەسەنزادە بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کراوە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. هەروەها سۆلماز حەسەنزادە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانی ورمێ ڕاگوێزراوە و دۆخی دادوەریی دۆسییەکەی ناڕوونە.

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ لەدایکبوونی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی توندوتیژانەی باوک و خوشکی محەممەد، دایکی محەممەد و دوو ژنی دیکەیان دانە بەر لێدان و توندوتیژی کە بەم هۆیەوە دایکی محەممەد حەسەنزادە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بنەماڵەی حەسەنزادە بەبۆنەی لەدایکبوونی محەممەد لە هەوڵدا بوون، ڕێوڕەسمێکی بچووکی لەدایکبوون لە ماڵەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن، بەڵام لەگەڵ ڕێگریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دەسبەسەرکران بەرەوڕوو بوونەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان جیا لە دەستداگرتن بەسەر مۆبایلی باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، دەستیان بەسەر مۆبایلی دایکیشیدا گرتووە.

سۆلماز حەسەنزادە پێشتر و لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢شدا لەگەڵ ٣ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "شیرین خەیات"، "سیمین خەیات" و "شەیدا ڕەزایی" بانگهێشتی میوانییەک لە شاری سەقز کرابوون کە لە خاڵی پشکنینی بۆکان_سەقز لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هەروەها ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئەحمەد و سۆلماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، محەممەد حەسەنزادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە کرایە ئامانجی فیشەکی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت و گیانی لەدەست دا.

محەممەد حەسەنزادە، مانگێک پێش لە کوژرانی، بە هۆی بەرکەوتنی سێ فیشەکی ساچمەیی، چاوی چەپی خۆی لەدەست دابوو.  ناوبراو سێ جار لە تەورێز و تاران نەشتەرگەریی بۆ کرا، بەڵام بەم حاڵەشەوە بینایی چاوی لەدەست دا.