شنۆ؛ درێژەی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئیدریس کارساز پاش ٢٨ ڕۆژ دەسبەسەرکران

00:38 - 11 گەلاوێژ 2724

ئیدریس کارساز، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی شنۆ، زیاتر لە ٢٨ ڕۆژە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لە گرتنگە ئەمنییەتییەکاندا ڕاگیراوە و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ بنەماڵەی کارساز لە شوێن و دۆخی ڕاگیرانی کوڕەکەیان ئاگادار نین و تاکوو ئێستا ئەم هاووڵاتییە کوردە لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣دا، لە درێژەی شەپۆلێکی دەسبەسەرکراندا، ٥ هاووڵاتیی خەڵكی شنۆ دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەیەکی ئەمنیەتی ڕاگوێزران.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، ئیدریس کارساز خەڵكی شنۆ و "سەلیم زولقەرنەین" و "سابیر زولقەرنەین" خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی محەممەد ڕەسووڵپوور کوڕی مستەفا و خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا"ی شنۆ و کەماڵ عوقابی کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "بالاگیر"ی شنۆیان دەسبەسەر کرد.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.