ئەمجەد بەختیاری، مامۆستای قوتابخانەکانی دێولان بە بەندکران و لێدانی قامچی سزا درا

12:40 - 29 پووشپەڕ 2724

ئەمجەد بەختیاری، مامۆستای قوتابخانەکانی دێولان لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە تۆمەتەکانی "تێکدانی نەزمی گشتی" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٢ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی سزا درا.

دادگا سزای دەرکراو دژی ئەمجەد بەختیاریی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەساردووە.

ئەم مامۆستا ٤٧ ساڵەیە پێشتر بە هۆی دیدار لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگی ئیتلاعاتی دێولان کرابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

ئەمجەد بەختیاری لەلایەن لێژنەی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی پارێزگای سنەشەوە بە تۆمەتەکانی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان" و "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" لە مافی پلەبەندیی مامۆستایان بێبەری کرابوو.

ئەم مامۆستا کوردە سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەروەها ئەمجەد بەختیاری لەپێوەندی لەگەڵ بێبەریکرانی لە مافی پلەبەندیی مامۆستایان نامەیەکی ڕوو لە بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە بڵاو کردووەتەوە کە دەقەکەی وەک خۆی لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە:

در این سرای بی‌کسی کسی به در نمی‌زند

به دشــت پـر مـلال مـا پـرنـده پـر نمی‌زند

 

یـکی زشـب گرفتگــان چـراغ بـر نمی‌کند

کسی به کوچه سـار شـب در سحر نمی‌زند

 

نـشسته‌ام در انـتظار این غـبـار بی‌سـوار

دریغ کـز شـبی چنین سـپیده سـر نمی‌زند

 

دل خـراب من دگـر خـراب‌تـر نمی‌شود

که خنجر غمت از این خـراب تر نمی‌زند

 

گذر گهی ست پر ستم که اندرو به غیر غم

یـکی صلای آشــنـا بـه رهگـذر نـمی‌زند

 

چه چشم پاسخ است از این دریچه‌های بسته‌ات

بـرو کـه هـیچ کـس نـدا به گـوش کـر نمی‌زند

 

نـه سـایه دارم و نـه بـر، بیفکننـدم و سـزاست

اگـر نـه بـر درخــت تـر کـسی تـبـر نمی‌زند

بەرپرسی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای سنە

سڵاو و ڕێز

وشەی مامۆستا، چەمکگەلێکی قووڵ و بەربڵاو لەخۆ دەگرێ کە هەموو کۆمەڵگە بە بێ هەڵاواردن و نادادپەروەری لەخۆ دەگرێ. مامۆستا، خاوەنی بیر، هزر، لێکدانەوە، زانست، ئاوەز و زاناییە. گەشەی ئەم چەمکانە گەشە و پێگەیشتنی مرۆڤ و زانستی بەدواوە دەبێ.

وشەی مامۆستا، بەربەستێک لە بەرانبەر لادانەکان و باوەڕە هەڵە و ناڕوونەکانی کۆمەڵگەیە و وەکوو چرایەکە کە ڕێگەی دروست لە شەوی تاریک، لە بەردەم کۆمەڵگە و بەردەنگەکانی دەکاتەوە.

من، ئەمجەد بەختیاری، مامۆستای دامەزراو لە پەروەردە و بارهێنانی شاری دێولان، شانازیی ئەوەم هەیە کە هەڵگری ئەم چەمکە پاکانە بە منداڵەکانی ئەم نیشتمانە بم و هەر واش دەبم.

بیرکردنەوەی ئازاد و کردەوەی ئازادانە وەکوو تۆیەک لە گیان و  جەستەی قوتابییەکانم دەچێنم تاکوو ڕۆژێ کۆمەڵگە لە بوونیان قازانج بکات.

لە ماوەی ٢٧ ساڵ پێشینەی کاریمدا، بە هەموو کێشە و ئاریشە و سەختییەکانی ڕێگاوە، هیچکات بۆ تێراوکردنی تینووەکانی زانست و ئاوەز و تێگەیشتنی ڕۆڵەکانی ئەم ئاو و خاکە هەستی کەمکاری و ماندوویەتیم نەبووە و نامبێت چونکە باوەڕم وایە ئێمە مامۆستایان باخەوانگەلێکین کە دەبێ ئەم نەمامە سەرسەوز و گەشاوانە بکەینە دارگەلێکی بەهێز و خۆڕاگر تاکوو بە هەر بایەک نەلەرزێن و مەیدان چۆڵ نەکەن.

من وەکوو چالاکێکی سێنفی و مەدەنی، بۆ وەرگرتنی مافی یاسایی، شەرعی، عورفی و مرۆیی خۆم، هاوتەریب لەگەڵ باقی مامۆستایان، دەنگی مافخوازیی خۆم بە گوێی بەرپرسان دەگەیێنم تاکوو بەم جۆرە بتوانین قورسایی کێشەکانی بژێو و ئابووریی مامۆستایان کەم بکەینەوە . سەرەڕای ئەمەش لەسەر مافی پەروەردە  و چارەسەرکردنی کێشە و لەمپەرەکان پێداگرین.

یەکێک لە خواستەکان جێبەجێکرانی گەڵاڵەی پلەبەندیی مامۆستایان بوو کە بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی مامۆستایان ئەم مافە جێگیر کرا. کە قازانجە ڕیاڵییەکەی هەموو مامۆستایان و لەوانە ئێوەشی گرتەوە و لە پێش ئەوەوە داواکارییە مادییەکانی خۆتان وەرگرت. ئێستا پرسیار ئەمەیە کە بە پشتبەستن بە کام ماددەی یاسایی، تێبینی و کام عورف و شەرع، مافتان پێشێل کردووە؛ و مافی یاسایی و مڕۆیی ئێمەتان لەبەرچاو نەگرتووە.

من و باقی هاوکارەکانم هەتا گەیشتن بە مافی پلەبەندی لە مافی خۆمان پاشگەز نابینەوە و هەتا کاتێک کە ئەم مافە وەرنەگرین؛ لە ڕێگەی جیاوازەوە بەدواداچوون بۆ مافی خۆمان دەکەین.

دۆخەکە ئەستەم و نادادپەروەرانەیە بەڵام هیوا بە بەهار و ژیان لە دڵەکاندا زیندوویە.

ڕەنگە کەس گوێمان پێ نەدات و وڵامی داخوازییەکانمان بداتەوە بەڵام سەربەرز و شەرەفمەندین.

لە کۆتاییدا هیوادارم کە ویژدانتان لە ئێمە مامۆستایانی بێ ماف تێبگات.

چو از این کویر وحشت بە سلامت گذشتی ....

بە شکوفەها بە باران برسان سلام ما را

ئەمجەد بەختیاری

دێولان