دوکتور لوقمان قەنبەری لە تۆمەتی "پێوەندی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئیسرائیل" بێتاوان ناسرا

01:20 - 29 پووشپەڕ 2724

دوکتور لوقمان قەنبەری، نووسەر و وەرگێڕی کوردی خەڵکی سەرپێڵ زەهاو لە دادگای ئینقلابی ئەم شارە لە تۆمەتی "پێوەندی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئیسرائیل" بێتاوان ناسرا.

بە وتەی مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەم نووسەرە کوردە، بریگرتەکەی بە هۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێندراو و بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی زانستیی نایاب و ئاکادمێکی ناوبراو لەم تۆمەتە بێتاوان ناسراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، نزیکەی ٢٠ کەس لە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم نووسەرە و پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلە کەسییەکانی ناوبراو لەوانە لەپتاب و مۆبایلەکەیدا گرتووە.

لوقمان قەنبەری ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە و ڕاگیران لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کرا.

وەرگێڕانی کتێبی "کوردها در خاورمیانە ناآرام" یەکێک لە بەرهەمەکانی ئەم وەرگێڕە کوردە بە هۆی پێنەدانی مۆڵەتی چاپ لەلایەن وەزارەتی فەرهەنگ و ئێرشادی ئیسلامی، لەلایەن وەشانگەی "کتاب ارزان" لە سوید بڵاو کراوەتەوە و لێپرسەکانی ئیتلاعاتی سپا پێوەندیی لوقمان قەنبەری لەگەڵ ئوفرا بێنگیو، نووسەری ئەم کتێبەیان بە نیشانەی "پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیل" زانیبوو.

لوقمان قەنبەری دوکتورای زانستی سیاسیی هەیە و وەرگێڕانی کتێبی "کردها در ایران: گذشته، حال و آینده" لەلایەن ناوبراوەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.