ئارام شەعبان، بەندکراوی سیاسیی بە بڕیاری ئیتلاعات لە مافی کارکردن بێبەری کراوە و نێردراوەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە

01:19 - 29 پووشپەڕ 2724

ئارام شەعبان، بەندکراوی سیاسیی کورد کە پێشتر بە ٣ ساڵ و نیو بەندکران سزا درابوو و لە ماوی ڕۆژانی ڕابردوودا مافی کارکردنی پێ درابوو، بە بڕیاری ئیتلاعاتی شنۆ لەم مافە بێبەری کراوە و بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئارام شەعبان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە نامەی دادستانی ورمێ مافی کارکردنی پێ درابوو بۆ خەوتنگە ڕاگوێزرابوو، بەڵام بە بڕیاری دادستانی لەم مافە بێبەری کراوە و گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە.

سزای بەندکرانی ئارام شەعبان لەم مانگانەی دواییدا جێبەجێ کرابوو. ناوبراو سەرەتا بۆ بەندیخانەی شنۆ و دوای ماوەیەکی کورت بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

سەرماوەزی ١٤٠٢، چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سلێمان شاروێرانی"، "ئارام شەعبان"، "عەبدولکەریم کاکول" و "فەخرەدین پودات"، خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی" بە ٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران سزا دران.

دادگا ئەم چوار هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی سزای دەرکراو، سلێمان شاروێرانی بە یەک ساڵ بەندکران، ئارام شەعبان بە سێ ساڵ و سێ مانگ بەدنکران، عەبدولکەریم کاکول بە یەک ساڵ بەندکران و فەخرەدین پودات بە یەک ساڵ و سێ مانگ بەنکران سزا دران.

ئارام شەعبان سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.