مەهاباد؛ محەممەدڕەزا قەیتەرانی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سەرلەنوێ دەسبەسەر کرا

01:18 - 29 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، لاوێکی کوردی تەمەن ٢٣ ساڵ بە ناوی "محەممەدڕەزا قەیتەرانی" خەڵکی گوندی "گردە یاقووب" سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، محەممەدڕەزا قەیتەرانی بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیشی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

 پێشتر ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٤٠١، محەممەدڕەزا قەیتەرانی کوڕی جەلال لە ناڕەزاییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

 ناوبراو پاش چەند ڕۆژ دەسبەسەرکران لە گرتنگەکانی مەهاباد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ورمێ ڕاگوێزرابوو و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرابوو. لە کۆتاییدا پاش دوو مانگ دەسبەسەرکران لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.