سنە؛ عەلی ئەڵڵاوەیسی چالاکی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

01:17 - 29 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، عەلی ئەڵڵاوەیسی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم چالاکە مەدەنییەیان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی عەلی ئەڵڵاوەیسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی حکوومەتی ئێران" و "دروستکردنی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری سزا درا و ئەم سزایە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕی ١٤٠١، بە ناوبراو ڕاگەیەندرا.

پاش ناڕەزایەتیدەربڕین بە سزای دیاریکراو لە دادگای سەرەتایی، سزای بەندکرانی عەلی ئەڵڵاوەیسی لە لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەدا بۆ ٥ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو بۆ ماوەی ٤ ساڵ گۆڕدرا.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠١، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ سنە ڕاگوێزرا و هاوکات لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی سزادرانەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

شەوی شەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٠، عەلی ئەڵڵاوەیسی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.