کامێران؛ دەسبەسەرکرانی فەیزوڵڵا شادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

05:41 - 27 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەیزوڵڵا شادی" تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "کاوانە" و دانیشتووی شاری کامێران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە شوێنی کارەکەی خۆی لە کامێران دەسبەسەر کردووە و شوێنی کارەکەشیان پۆلۆمپ کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: دەسبەسەرکرانی فەیزوڵڵا شادی پاش چاپکردنی پرسەنامەی دایەگەورەی، مەعسوومە دروودی ڕووی داوە.

بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە منداڵەکانی مەعسوومە دروودی بە ناوی "عوسمان شەفیعی" لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا لە دەرگیری لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا گیانی لەدەست داوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی فەیزوڵڵا شادی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.