شنۆ؛ سێ هاووڵاتی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

22:34 - 24 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "محەممەد ڕەسووڵپوور"، "کەماڵ عوقابی"  و "سابیر زولقەرنەین" خەڵکی شنۆ، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد ڕسووڵپوور بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی و کەماڵ عوقابی و سابیر زولقەرنەین هەرکام بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کراون.

هێزە ئەمنییەتییەکان شەوی سێشەممە ١٢ی پووشپەڕ بەبێ بەڵگەی یاسایی محەممەد رسووڵپوور کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ و کەماڵ عوقابی کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "باڵاگیر" سەر بە شاری شنۆیان دەسبەسەر کرد.

هەروەها سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕ سابیر زولقەرنەین خەڵکی گوندی "حەسەن نووران" سەر بە شاری شنۆ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی بەبێ بەڵگە یاسایی دەسبەسەر کرا.

ئەم سێ هاوڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرابوون.

هەتا ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ هاوڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: محەممەد ڕسووڵپوور، کەماڵ عوقابی و سابیر زولقەرنەین