دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران

21:56 - 24 پووشپەڕ 2724

ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عوسمان دڵسۆز" و "هەژار (عەبدولڕەحیم) دڵسۆز" خەڵکی گوندی "زێوکە" سەر بە شاری پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەجید ئەمیرمحەممەدی" لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە ڕێگەی "گواستنەوە و ڕاگرتنی چەک" هەرکامیان بە ٢ ساڵ بەندکران سزا دراون و ئەم سزایانە لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بەم دوو کەسە ڕاگەیەندراوە.

عوسمان دڵسۆز لەدایکبووی ١٣٣٧ و هەژار دڵسۆز لەدایکبووی ١٣٧٣، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی  ورمێ ڕاگوێزرابوون.

عوسمان دڵسۆز، ڕۆژی شەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠١ پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازا کرا.

هەژار دڵسۆزیش پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە و بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی دادرەسی ئازاد کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هەژار و عوسمان دڵسۆز